چەمکی تیرۆر ئامرازێکی زۆرەملێیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، نە بە شێوەیەکی گشتگیر ڕێککەوتوون و نە لە ڕووی یاساییەوە ئامانجی پابەندکەریان هەیە، بەڵام بەکۆی گشتی پێناسە هاوبەشەکانی تیرۆر، ئاماژەیە بۆ کردەوەی توندوتیژی کە ئامانج لێی دروستکردنی کەشێکی ترس و دڵەڕاوکێیە، کە ئاراستەی شوێنکەوتوانی ئایینی، یان ئایدیۆلۆژیکی تایبەت دەکات، و بریتییە لە بە ئامانجگرتنی بە ئەنقەست یان پشتگوێخستنی سەلامەتی هاوڵاتیانی مەدەنی.
بەگشتی لە سەردەمی ئەمڕۆ وڵاتانی ڕۆژاوا و بەتایبەت ئەمریکا نوێنەری سەرەکی دروستکردنی لیستی تیرۆرن لە جیهاندا، بۆیە پێناسەکە بەشێوەیەکی گشتی بەهۆی هەبوونی هەژموونی میدیایی لە جیهاندا، لە بەرەی ڕۆژاوایە و ئەوان پێناسەکاری هەموو چەمکەکانن. بەڵام هەبوونی دووجەمسەری و نەبوونی یەکسانی لە پێناسەکردن و پێدانی ماف و ئەرک بەسەر هەموو دەوڵەتان و ڕێکخراوەکانەوە، بووەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ، وەک ئەوەی:
بۆچی ئەمریکا پێناسەی تیرۆر دەکات بەناوی هەموو جیهانەوە؟
بۆچی هاوپەیمانانی ئەمریکا و بەتایبەت، ئیسرائیل، ناچنە قاڵبی تیرۆرەوە سەرەڕای تەواوکردنی سەرجەم تاسکەکانی بوون بە تیرۆرست.
یان بۆچی زۆرینەی موسوڵمانان بەر لێشاوی تۆمەتی تیرۆرستی دەکەون، تەنیا بە هەڵسەنگاندنێکی ڕووکەشی و هەبوونی ستایلی خۆماڵی و ئایینی؟
لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١١ گۆڤاری مێژووی ئەمریکا ژمارەیەکی تایبەتی بۆ "تیرۆر و ئەزموونی ئەمریکی" تەرخان کرد. کە جەختی لەسەر توێژینەوە ئەکادیمییەکان لەسەر ئەم بابەتە کردەوە. بێڤەرلی گەیج ئاماژە بەوە دەکات لەدوای جەنگی ساردەوە یان لە کۆتایی دەیەی کۆتایی، کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ بێ وەڵام ماونەتەوە، وەک: یەکەم، "حکوومەتی ئەمریکا چۆن دیاریکرد کە کام گرووپ لەوانەیە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان بکرێن. دووەم، "ئەمریکا چۆن هەوڵیدا خۆی ئەو ناوانە هەڵبژێرێت و بریکارەکانی کە شەڕی بە وەکالەت ئەنجام دەدەن بۆی دووربخاتەوە لەوەی وەک تیرۆرست بناسرێن؟"
لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆریای باکوور دەگەڕێتەوە ناو لیستی "وڵاتانی سپۆنسەری تیرۆر" لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە. کۆریای باکوور بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٨دا خرایە نێو لیستەکەوە و لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە لیستەکەدا دەرهێنرا.
ڕۆناڵد ڕیگان یەکەم سەرۆکی ئەمریکا بوو کە شەڕی دژی "تیرۆری نێودەوڵەتی" لە دڵی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا دانا. هەرکاتێک قسەی لەگەڵ گەلی ئەمریکا دەکرد، لە چوارچێوەیەکدا کە گوتارەکەی بە تەواوی کۆنترۆڵ دەکرد، ڕیگان دەستەواژەی "تیرۆریزم"ی بەکاردەهێنا بۆ ئاماژەکردن بە مەودایەکی زۆر فراوانی کردار (هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی بەڵام تەنانەت دژی ئامانجە سەربازییەکانیش) و ئەکتەرەکان (دەوڵەت و نادەوڵەتی بە هەمان شێوە).
ڕیگان سەرنجی ڕیتۆریکی خۆی تەنها لەسەر ئەو توندوتیژییە (و "تیرۆریزم") چڕکردەوە کە دوژمنانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن، لە هەمان کاتدا بێدەنگ بوو بەرامبەر بەو توندوتیژییە (و "تیرۆر") کە لەلایەن هاوپەیمانەکانیەوە ئەنجام دەدرا. لەڕاستیدا بەشێکی ناوەندی گوتاری ئەمریکی سەبارەت بە “تیرۆر” وەک چۆن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا داڕێژراوە ئەوەیە کە “تیرۆر” فۆرمێکی نائەخلاقی توندوتیژی سیاسییە کە تەنها لەلایەن “ئەوانی تر”ـەوە پراکتیزە دەکرێت.
لە 9ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1983، کۆمەڵێک بۆمبی شاراوە لە سەقفی گۆڕستانی شەهیدان لە شاری ڕەنگونی پایتەختی بۆرما (میانمار) تەقینەوە و 21 کەس کوژران، بەڵام ئامانجی سەرەکی ڕووداوەکە (چون دوو هوان) سەرۆکی کۆریای باشوور بوو کە لە هێرشەکە ڕزگاری بوو. دوای چەند هەفتەیەک، لە لێکۆڵینەوەیەکی پۆلیسی بۆرمادا دەرکەوت کە ئەنجامدەرانی ئەفسەری سەربازی کۆریای باکوور بوون، هەروەها بە فەرمانی حکوومەتەکەیان مامەڵەیان کردووە، بەو پێیەی ئەو تەقەمەنیانەی کە بەکاریان هێناوە لە باڵیۆزخانەی کۆریای باکوورەوە لە بۆرما هاتووە.
لە چەند هەفتەی دوای تەقینەوەکەی ڕانگون، سەرۆک ڕیگان چەندین جار هێرشەکەی بە کردەوەیەکی "تیرۆریزم" ئیدانە کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش زمانێکی هاوشێوەی بەکارهێنا و لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە "شێوازەکانی تیرۆری جیهانی" تەقینەوەکەی بە "کوشندەترین هێرشی تیرۆریستی لە ئاسیا لە ساڵی 1983" وەسف کرد و ئەنجامدەرانی بە "تیرۆریستی حکوومەتی کۆریای باکوور" وەسف کرد.
لە 23ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1983 کۆمەڵێک بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو چەندین باڵەخانەیان تێکشکاند کە هێزەکانی دەریایی ئەمریکا و پەرەشوتەوانی فەرەنسی لە بەیروت جێگیر بوون و بەهۆیەوە 241 سەربازی ئەمریکی و 58 سەربازی فەرەنسی لە هێرشەکەدا کوژران. وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ڕاپۆرتەکەیدا سەبارەت بە بۆردومانەکە ئاماژەی بەوەدا کە "بەڵگە هەیە کە لانیکەم دەستوەردانی ناڕاستەوخۆی سووریا و ئێران لەم ڕووداوەدا هەبێت" و ڕایسپارد کە "پێناسەی وەزارەتی بەرگری بۆ تیرۆر پێویستە فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتانە بگرێتەوە کە تیرۆر بەکاردەهێنن بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی بریکارەوە".
لە 29ی تشرینی دووەمی ساڵی 1987 بەهۆی تەقینەوەیەکی ئاسمانی فڕۆکەی 858ی ئاسمانی کۆریا 115 سەرنشین کوژران، دوای چەند ڕۆژێک لە بەحرەین ژن و پیاوێک بە گومانی تێوەگلان لە هێرشەکە دەستگیر کران. لە 14ی حوزەریان، ئەو ژنە دانی بەوەدا ناوە کە بریکاری کۆریای باکوور بووە و دانی بە ڕۆڵی خۆیدا ناوە لە تەقینەوەکەدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆریای باکوور دەستبەجێ خرایە لیستی "وڵاتانی سپۆنسەری تیرۆر"ی ئەمریکاوە، و خرایە پاڵ سووریا، لیبیا، کووبا، ئێران و کۆماری یەمەنی باشوور.
شیکارییەکی گشتگیر بۆ وتارەکانی سەرۆک (هەروەها لێدوانەکانی سکرتێر هایگ و شولتز) سەبارەت بە "تیرۆر"، دەبێتە هۆی یەک و تاکە وەڵام بۆ پرسیارەکانی بێڤەرلی گەیج لە سەرەوە. ڕیگان توانی بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو گرووپەکان وەک "تیرۆریست" پۆلێن بکات و لە هەمان کاتدا کردەوەی شاراوەی ئەمریکی (سەربازی) پشتگوێ بخات و لە پێناسەی تیرۆر دووریان بخاتەوە، ڕێک لەبەر ئەوەی، لە کاتی قسەکردن لەگەڵ ڕای گشتی ئەمریکا، ئەو بە تەواوی کۆنترۆڵی گێڕانەوەی خۆی دەکرد. واتە ڕیگان لە وتارە گشتیەکانیدا پێویست نەبوو بە ڕوونی پێناسەی ئەوە بکات کە مەبەستی لە “تیرۆر” چییە. لەبری ئەوە، ڕیگان لەسەر بنەمای پێناسەیەکی زۆر فراوان و ناڕوون (ناڕاستەوخۆ) بۆ "تیرۆر" تۆمەتەکانی دژی دوژمنانی ئەمریکا دروستکرد، لە هەمان کاتدا بێدەنگ بوو لە بەرامبەر "ئەگەری" ئەوەی کە ئەو شێوازانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەکاریان دەهێنن لە سروشتدا "تیرۆریستی" بوون.
وەڵامی دووەم و پەیوەندیدار بۆ پرسیارەکانی گەیج دەتوانرێت بە شیکردنەوەی ئەو ڕێگایانەی کە نوێنەرانی حکومەتی ئەمریکا لە چوارچێوەیەکی زۆر جیاواز و دژایەتیتردا باسیان لە "تیرۆر" کردووە، وەربگیرێت: ئەویش بریتییە لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
پرسی "تیرۆری نێودەوڵەتی" بۆ یەکەمجار لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٢ لە کۆبوونەوەی گشتیدا باسکرا، وەک یەکسەر ڕوون بووەوە، وڵاتانی ئەندام لەسەر شێوازی دروستی تێگەیشتن و پێناسەکردنی ئەم چەمکە ناکۆک بوون. بەپێێ قسەکان کە دەرخەری پێناسەی تیرۆر بوون، وڵاتان ڕاستەوخۆ ئاماژەیان بەوەدا کە کارەکانی ئەمریکا لە ڤێتنام "تیرۆری دەوڵەتی"ـیە، بۆیە زوو پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە هەر پێناسەیەک بۆ "تیرۆر" هەبوو و تەنها سەرنجی لەسەر توندوتیژی گرووپە بچووکەکان یان تاکەکان بوو و توندوتیژی بەرفراوانی وڵاتانی گەورەی پشتگوێخست قبوڵ ناکرێت.
لەڕاستیدا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەمریکایان بە "تیرۆری دەوڵەتی" تۆمەتبار کرد بەهۆی کردەوەکانی لە نیکاراگوا (پشتیوانیکردن لە کۆنترا یان کانگاکانی سی ئای ئەی لە بەندەرەکانی وڵاتەکە)، هەروەها لە ئەفغانستان (پشتیوانیکردن لە موجاهیدییەکان لەوێ)، و لە کووبا، هەروەها بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی سەربازییان لەگەڵ سی ئای ئەی لە ساڵی ١٩٨٦ دژی لیبیا، یان پشتیوانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی وەک باشووری ئەفریقا و ئیسرائیل (کە زۆرینەی ئەندامان چەندین جار تۆمەتباریان کرد بە بەشداریکردن لە "تیرۆری دەوڵەتی").
لەم چوارچێوەیەدا نوێنەرانی ئەمریکا هەستان بە گۆڕینی ئەو فۆڕمەی کە لەکۆتاییدا دژی خۆیان وەستایەوە، و گێڕانەوەیەکیان پەرەپێدا کە لە بنەڕەتدا پێچەوانەی ئەو گێڕانەوەیە بوو کە سەرۆک ڕیگان لە وتارە گشتیەکانیدا لەو کاتەدا پەرەی پێدا.
بۆ نموونە لە کاتی گفتوگۆکانی ساڵی ١٩٨٣دا زۆربەی وڵاتانی ئەندام بە ڕاشکاوی تەقینەوەکانی بۆرمایان بە کردەوەیەکی “تیرۆریزم” ناساند و پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە هێرشێکی لەو شێوەیە پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت و پێویستیی ئەوەیان نیشاندا کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرنجی لەسەر ئەو ڕۆڵە بێت کە دەوڵەتان لە “تیرۆری نێودەوڵەتی”دا دەیگێڕن.
نوێنەرانی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی گشتی لە ساڵانی ١٩٨٥، ١٩٨٧، ١٩٨٩ و ١٩٩١دا چەندین جار ڕای جیاوازیان هەبوو دەربارەی چەمکی تیرۆر کە خۆیان یەکەمین کەس بەکاریان هێنابوو. بۆیە ڕەتکردنەوەیان لە چەمکی "تیرۆری دەوڵەتی" زۆر بوو، وەک لە ساڵی ١٩٨٣دا، ڕایانگەیاند کە ئەو کردەوانەی لەلایەن بریکارەکانی دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێن، کردەوەی دەوڵەتن و بەو هۆیەوە کردەوەی "تیرۆریستی" نین. لە چوارچێوەیەکدا کە وڵاتانی دیکەی ئەندام پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە پشتیوانی ئەمریکا بۆ گرووپەکانی وەک کۆنتراس، موجاهدینی ئەفغانی، یان یونیتای ئەنگۆلا جۆرێکە لە "تیرۆری دەوڵەتی"، نوێنەرانی ئەمریکا چەندین جار باسیان لەوە دەکرد کە ئەو کردەوانەی کە لەلایەن تاکەکان یان گروپەکانەوە ئەنجام دەدرێن کە لەلایەن دەوڵەتێکەوە پشتیوانی دەکرێن، خۆیان کردەوەی دەوڵەتن و هەر بۆیە نابێت بە "تیرۆریستی" هەژمار بکرێن.
بەم شێوەیە لە ساڵی ١٩٩١دا، مایکل شارف، نوێنەری ئەمریکا، ئاماژەی بەوەدا کە "پێویست نییە هەڵسوکەوتی دەوڵەت وەک تیرۆر ناوزەد بکرێت. شارف دەڵێت، زاراوەی "تیرۆر" زۆرترین سوودی هەیە کاتێک بۆ کردەوەی توندوتیژی بە سروشتی قێزەون بەکاردەهێنرێت، کە لەلایەن تاک یان گروپەکانەوە ئەنجام دەدرێت، کە لە تاوانە ئاساییەکان گەورەترن بۆ بەرژەوەندی کەسی بەڵام کەمترن لە کردەوەی دەوڵەت".
ئەمریکا تاکە وڵاتی ئەندام بوو کە داکۆکی لە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە دەکرد.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە ئەمە بەو مانایە بوو کە ئەمریکا، بە درێژایی ساڵانی ڕیگان، بەرگری لە هەڵوێستێک دەکرد کە لە بنەڕەتدا دژایەتی هەڵوێستی ئیسرائیل بوو، لەکاتێکدا بەبەردەوام ئەم دەستەواژەی بۆ دژایەتی وڵاتانی وەک سووریا، لیبیا، لوبنان، عێراق و ئێران بەکار دەهێنا.
لە کاتی قسەکردن لەگەڵ خەڵکی ئەمریکا، سەرۆک ڕیگان (و ئەندامانی باڵای دیکەی ئیدارەکەی، بەتایبەتی وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی) توانیان بە تەواوی و بەبێ چەواشەکاری گێڕانەوەی خۆیان بسەپێنن، بە تایبەتی، بە ئیدانەکردنی “تیرۆر”ی دوژمنانی ئەمریکا بەبێ ئەوەی هەرگیز پێویست بکات پێناسەی بکەن کە لە ڕاستیدا تیرۆر چییە؟، لە هەمان کاتدا بێدەنگ بوون سەبارەت بە سروشتی ئەگەری “تیرۆریستی” هەندێک لەو شێوازانەی کە لەلایەن هاوپەیمانە جیاوازەکانی ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێن.
لە چوارچێوەیەکی مشتومڕاوی وادا، نوێنەرانی ئەمریکا بە تەواوی وازیان لە گێڕانەوەی ڕیگان هێنا و داوای پێناسەیەکی زۆر تەسکیان بۆ تیرۆر کرد کە هەر کردارێکی پەیوەست بە دەوڵەت بوو لایببات لە پێناسەکەدا و نەیگرێتەوە.
لە ئەنجامدا، گەلی ئەمریکا هەرگیز ئاگادار نەکرایەوە کە وڵاتانی بێشومار لە سەرانسەری جیهاندا، کردەوە جۆراوجۆرەکانی ئەمریکایان بە "تیرۆر" زانیوە (و ئیدانەیان کردووە)، هەروەها ئاگادار نەکرانەوە لەو گفتوگۆ تایبەتانەی کە خراوەتەڕوو کاتێک ئەو جۆرە تۆمەتانە دەخرێنەڕوو. لەوەش ناڕەحەتتر ئەوەیە کە گەلی ئەمریکا هەرگیز پێیان نەگوترا کە نوێنەرانیان چ بیانوویەکیان پێشکەش کردووە کاتێک ڕووبەڕووی ئەو جۆرە تۆمەتانە دەبنەوە. لە ڕاستیدا، ڕۆژنامە ئەمریکییەکان هەرگیز باسیان لەوە نەکردووە کە ئەمریکا تاکە دەوڵەتی ئەندامە، بە درێژایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، کە باسی ئەوە بکات کە باسەکانی “تیرۆری نێودەوڵەتی” تەنیا لەسەر ئەو کردەوانە بێت کە لەلایەن گروپ و کەسەکانەوە ئەنجام دەدرێن بەبێ ئەوەی هیچ دەوڵەتێک بگرێتەوە.
بە تێپەڕبوونی کات، زنجیرەیەک لە ئەکتەرە کاریگەرەکان، لە سیاسەتمەدارانەوە تا "شارەزایانی تیرۆر" تا دەگاتە میدیا، توانیان لە سفرەوە مانا بە دەستەواژەی "تیرۆر" بدەن یان تەنانەت بنیاتی بنێن، لە هەمان کاتدا وەک ئەوە مامەڵەیان کرد کە ئەو گفتوگۆیانەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە و بووە زۆر ئەم چەمکە پێناسە ناکات و زیاتر میدیای جیهانی شوێنکەوتووی ئەمریکا و ڕۆژاوا بوون بۆ پێناسەکردنی تیرۆر. بەمەش سنوورێکی ڕوونیان دانا کە کەس لەدوای ئەمانەوە نەتوانێت گێڕانەوەکە بەشێوەی خۆی دابڕێژێتەوە و بەم شێوەیە ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە "دروستکردنی" چەمکی تیرۆر وەک ئەوەی ئەمڕۆ دەیزانین.
ئیسرائیل بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، یەکێکە لە کیانە بەهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناوجەرگەی فەلەستیندا دەوڵەتێکی سەربازیی بۆ خۆی بونیاتناوە. لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتەکەوە لەسەر بنەمای فیکری زایۆنیزم دانراوە و بۆ جوولەکەکانە. کیانی زایۆنی لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستەوە دەستی لە کوشتن و ئاوارەکردنی خەڵکی ڕەسەنی فەڵەستینی و لوبنان و هەندێک ناوچەی سووری نەپاراستووە، بە هەر شێوەیەکی نوێی چەک و بە بێدەنگی جیهان و بە نوێنەریی ئەمریکا توانی بگاتە ئاستێکی باڵای خۆسەپاندن لە داگیرکاری و بەردەوام کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نوێی زیادکردووە و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکان وەدەر دەنێ، بەڵام هەرگیز لەلایەن دەوڵەتانی گەورەی جیهانەوە وەک تیرۆرست ناوزەد نەکراوە و بەپێچەوانەوە ڕێکخراوە ڕزگاریخوازەکانی فەڵەستینی بە ڕێکخراوی تیرۆرستی دانرن.
ئەم شێوازی مامەڵەکردنە لەگەڵ چەمکی تیرۆر شێوازێکی ڕۆژاوایی عەلمانییە و بووەتە هۆی دروستبوونی وەهمی تیرۆری ئیسلامی بەهۆی ئەوەی زۆرینەی فەلەستین موسوڵمانن و ڕێکخراوەکانیش ئیسلامین، بەڵام هەرگیز جیهان تاوەکوو پێش تۆفانی ئەقسا لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ پێناسەی تیرۆری دەوڵەتیان بۆ زیندوو نەبوویەوە کە ئیسرائیل ئەنجامی دەدا. ئیسرائیل لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە سەد هەزار قوربانی لە شارێکی بچووکی وەک غەززە دا کە زۆرینەی شەهیدان و بە ڕێژە %٨٠ منداڵ و ژنن، ئەمەش جیا لە تیرۆر، دەبێتە کۆمەڵکوژی و دژی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. بەڵام ئەم پشتگیرییە بێشومارەی ڕۆژاوا و ئەمریکا لە ئیسرائیل دەرخەری ئەوەبوو کە چەمکی تیرۆر تەنیا کاتێک بەکاردێت دژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا بێت.
بۆیە چەمکی تیرۆر پێناسەیەکی گشتی هەیە و هەموو تۆقاندنێک دەگرێتەوە، بە سیما و ڕووخسار و ئایین پێناسە ناکرێت. وە هەر ڕێکخراو و کەسێک کە پێناسەی تیرۆری بۆ کرابوو، پێویستە پێداچوونەوەی تایبەتی بۆ بکرێت بەپێی قورئان و سوننەت کە سەرترە لە هەموو مافەکانی مرۆڤ و ئەوەش دەبێتە دیارخەری پێناسەی چەمکی تیرۆر.