١٠٧- سوورەتى (ماعون)ـە. مەککەییەو (٧) ئایەتە. بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان ئەم سوورەتە بە کورتیى باس لە دوو دەستەو تاقم دەکات: یەکەم: بێباوەڕێکى دڵڕەقى سپڵەو نکووڵیکەرى رۆژى دوایى و بەرێ. دووەم: دووڕوویەکى ڕیا بازو ڕووپاماییکار لە کاروکردەوەکانیا. یەکەمیان: بە پیشە سووکایەتى بە هەتیوان دەکەن و پیایاندا هەڵ دەشاخێن و، پێی بڵێیت چاکە ناکەن و هەوڵیشى بۆ نادەن، وەک (عاصى کوڕى وائیل)و هەرکەسێکى تر وەک ئەو. دووەمیان: ئەو دوو ڕازییانەن کە نوێژەکانیان تەنها بۆ ڕوو پامایی دەکەن، بۆیە زۆر بە سووک گرتوویانەو زۆر کەم ڕێک بکەوێت کە لە کاتى خۆیدا بیانکەن، وە یان لە کاتى کردنەکەیدا بێدارو هۆشیاربن، جا خواى گەورە لە هەردوو لایان هەڕەشە دەکات. ئەو مرۆڤە ڕۆژى جەزاى لا درۆیە!: [ بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ * ١ أَرَأَيْتَ الَّذِي يُكَذِّبُ بِالدِّينِ ] ئاخۆ دیتت ئەو کەسەى کە چۆن رۆژى جەزا بە درۆ دەخاتەوە، ئەزانى ئەو کەسە کێیەو صیفەتەکانى چیین.؟
[ ٢ فَذَٰلِكَ الَّذِي يَدُعُّ الْيَتِيمَ ] جا ئەو کەسە بێ بڕوایەکى وایە زۆر بە توندى پاڵ بە هەتیوەوە دەنێ و پیا هەڵدەشاخێ، لە باتى ئەوە دڵ نەوایى بکات .
[ ٣ وَلَا يَحُضُّ عَلَىٰ طَعَامِ الْمِسْكِينِ ] هەر وەک خۆیشى ئاوایە، دنەو هانى کەسیش نادات لەسەر بەخشین و خواردەمەنى دان بە هەژاران و بێ نەواو نەداران .
[ ٤ فَوَيْلٌ لِّلْمُصَلِّينَ ] ئینجا سزاى سەخت بۆ نوێژ خوێنەکان.
[ ٥ الَّذِينَ هُمْ عَن صَلَاتِهِمْ سَاهُونَ ] ئەوانەى لە نوێژەکانیاندا غافڵ و بێ ئاگان، واتە: بە دڵ نوێژەکانیان ناکەن و لە ماناو مەبەستەکەى بیر ناکەنەوە، لە پێش چاو خەڵکەوە دەیکەن، بەڵام ئەر هەر خۆیانبن نایکەن، ناشزانن فەلسەفەى نوێژکردن چیە.
[ ٦ الَّذِينَ هُمْ يُرَاءُونَ ] ئەوانەى لە نوێژەکانیاندا ڕووپامایى دەکەن، واتە: لەبەر ئەوە نوێژ دەکەن پێیان بڵێن نوێژ خوێنن! ئەڵبەت مەبەستێکی تریشیان هەیە، پێغەمبەر-صلى الله عليه وسلم- دەفەرموێ: ((..تِلْكَ صَلَاةُ المُنَافِقِ، يَجْلِسُ يَرْقُبُ الشَّمْسَ حتَّى إذَا كَانَتْ بيْنَ قَرْنَيِ الشَّيْطَانِ، قَامَ فَنَقَرَهَا أَرْبَعًا، لا يَذْكُرُ اللّهَ فِيهَا إلّا قَلِيلاً)) صحيح مسلم، كتاب المساجد ومواضع الصلاة، باب استحباب التبكير بالعصر، حديث: ١٠٢١. واتە: ئەوە نوێژی مونافیقە، ئەوە نوێژى مونافقە، ئەوە نوێژى مونافقە! دەبینى هەمیشە کاڵ و کرچەو لە جێی خۆیدا نایکاو زۆر بە قورس و ناڕەحەتیى و ناچاریى ئەنجامى دەدات، دادەنیشێ و، چاوەنۆڕى خۆر دەکات، جا کە دیتى ئەوا لە نێوان دوو شاخەکانى شەیتانەوە خۆر دەرکەوت، هەڵدەسێ چوار دەنووک لە زەمین دەدات، زۆر بە کەمیش ئاگاى لە خوایە!.
[ ٧ وَيَمْنَعُونَ الْمَاعُونَ ] وە هەموو جۆرە یارمەتییەکیش لە خەڵکى دەگرنەوەو کۆتایى و درێغى دەکەن. بەڵێ.. مرۆڤ وا دروستکراوە کە بە تەنها خۆى ناتوانێ پێداویستییەکانى ژیانى خۆى جێبەجێ بکات، بۆیە پێویستیى بە دراوسێ و ئەم و ئەو هەیە، ئەویش دەبێ داواى هەرچى لێکرد بە خواستن، بیداتێ و، دەستى لێ نەقوچێنێ، لە دەرزییەکەوە، هەتا پەرداخێک، تەورێک، پاچێک... هتد. مرۆڤى نوێژ خوێنى راستەقینە ئاوایە، بەڵام مرۆى دوو ڕوو، ڕیا بازو دەست قووچاوو و بێ خزمەتە.