Logo
تەفسیر
سورة الهمزة

وَيْلٌۭ لِّكُلِّ هُمَزَةٍۢ لُّمَزَةٍ (1)

١٠٤- سوورەتى (هومەزە)یە. مەککەیییەو (٩) ئایەتە. بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان ئەم سوورەتە باسى ئەوکەسانە دەکات کە هەردەم ناوى خەڵک بە خراپە دەبەن و، توانج و تەشەریان لێدەدەن و، هەوڵ دەدەن خراپیان بکەن و گاڵتەوگەپیان پێدەکەن، هەر وەک هێرش دەکاتە سەر ئەوانەى ماڵ و سامان کۆ دەکەنەوەو خەریکى ژماردنینیى و، وا دەزانن کە ماڵەکەیان هەرگیز ناهێڵێ بمرن..! کۆتاییشى بە باسێکى کورتى پاشە رۆژو جێگاى بەدبەختەکان دێت، کە بە ئێجگارى دەڕۆنە ناو دۆزەخەوەو ئاگرێکى تێکشکێنەر هروژم دەباتە سەر دڵیان. هاوار بۆ مرۆى تەشەر دەرو حوسپکەرو فرەکەرى ماڵى دنیا: خەڵکانێ هەبوون بێ حیساب و ئەژمار لە رێى ناهەقەوە ماڵ و سامانیان کۆ دەکردەوەو، ئەم و ئەویان بە کەم سەیر دەکردو، توانج و تەشەر پیشەیان بوو، جا بۆ ترساندن و سەر زەنشتی ئەوانە خوا فەرمووى: [ بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ* ١ وَيْلٌ لِّكُلِّ هُمَزَةٍ لُّمَزَةٍ ] سزاى سەخت بۆ هەموو توانج گرێکى عەیبگر، واتە: ئەوکەسە ناوى خەڵک بە خراپە دەباو بە شوێن کەم و کوڕیى و نەنگدا دەگەرێ .

 

ٱلَّذِى جَمَعَ مَالًۭا وَعَدَّدَهُۥ (2)

٢ الَّذِي جَمَعَ مَالًا وَعَدَّدَهُ ] ئەو کەسەى کە ماڵێکى زۆرى کۆ کردەوەو هەر خەریکى ژماردنى بوو، ئیتر بێ لێکدانەوەى حەڵاڵ و حەرام. واتە: ئەوانە کە ناوى مەردوم دەبەن ئەو دەوڵەمەندانەن بە هۆى سامانەکانیانەوە خۆ بە گەورە دەگرن و بەسووک سەیرى خەڵکى دەکەن .

 

يَحْسَبُ أَنَّ مَالَهُۥٓ أَخْلَدَهُۥ (3)

٣ يَحْسَبُ أَنَّ مَالَهُ أَخْلَدَهُ ] وا خەریکە بە دنیاوە! پێی وایە کە ماڵ و سامانەکەى بە ئێجگارى لە دنیادا دەیهێڵێتەوەو هەرگیز نامرێ، بۆیە ڕەفتارى وا دەکات .

 

كَلَّا ۖ لَيُنۢبَذَنَّ فِى ٱلْحُطَمَةِ (4)

٤ كَلَّا ۖ ] با وا نەزانێت [ لَيُنبَذَنَّ فِي الْحُطَمَةِ ] سوێند بەخوا بە سووکیى و ڕیسوایى فڕێ دەدرێتە ناو تێکشکێنەرە (حوتەمە)وە.

 

 

وَمَآ أَدْرَىٰكَ مَا ٱلْحُطَمَةُ (5)

٥ وَمَا أَدْرَاكَ مَا الْحُطَمَةُ ] جا تۆ چوزانیت ئەو تێشکێنەرەیە چیە، ئەگەر خوا بۆت باس نەکات.

 

نَارُ ٱللَّهِ ٱلْمُوقَدَةُ (6)

٦ نَارُ اللَّـهِ الْمُوقَدَةُ ] ئاگرێکى هەڵکراوى بڵێسەدارى خوایە، واتە: بە فەرمانى ئەوەو فریشتەى ئەوى لەسەرە .

 

ٱلَّتِى تَطَّلِعُ عَلَى ٱلْأَفْـِٔدَةِ (7)

٧ الَّتِي تَطَّلِعُ عَلَى الْأَفْئِدَةِ ] ئەو ئاگرێکى وایە ڕوو دەکاتە بنۆکەى دڵەکان و، پەڕەى دڵەکان دەسووتێنێ کە سەرچاوەى کوفر بوون .

 

إِنَّهَا عَلَيْهِم مُّؤْصَدَةٌۭ (8)

٨ إِنَّهَا عَلَيْهِم مُّؤْصَدَةٌ ] بەڕاستى ئەو (ئاگرە) دەورەى داون و لەسەریان داخراوەو دایپۆشیون، نە هەواى تێدەچێ و، نە هەواى لێدەڕواتە دەرەوە.

 

 

فِى عَمَدٍۢ مُّمَدَّدَةٍۭ (9)

٩ فِي عَمَدٍ مُّمَدَّدَةٍ ] ئەوان بەسراونەوە لە ناو چەند کۆڵەکەیەکى درێژ کراوەدا. واتە: دژبانیى و کۆنترۆڵیان لێبەستراوەو بە هیچ شێوەیەک رێگاى دەرچوونیان نیەو هەرگیز قوتار نابن.