١٠٣- سوورەتى (عەصر)ـە. مەککەییەو (٣) ئایەتە. بەناوى خواى بەخشندەى میهرەبان ئەم کورتە سوورەتە، بە پەلە باسى هۆکانى بەختیاریى و سەرفرازیى ئادەمزاد دەکات، هاوڕێ لەگەڵ هۆکانى سەرکەوتنیى و بەختەوەرییدا، سوێند دەخوات بەوکاتەى کە تەمەنى مرۆڤ تێیدا تەواو دەبێ و، لاپەڕەى ژیانى تێیدا دەپێچرێتەوە، وە بەو هەموو شتانە بە درێژى رۆژگار تێیدا ڕوو دەدەن، کە هەر هەمووى پەندوو ئامۆژگارییە بۆ ئەوانەى وا بە ورد بیـر دەکەنەوە، سوێند دەخوات بە (عەصر) کە هەموو ئادەمیى لە ناو زەرەرو زیاندایە، مەگەر کەسێک ئەم چوار پەسن و سیفەتانەى تێدا بێت: بڕواى کامڵ، ئاکارى باش و چاک، باسکردنى هەق و راستیى بۆ یەکتر، بە ئارامبوون و خۆ ڕاگرتن. بەڕاستیى ئەم سوورەتە بناغەى ئایین و هەموو سەرکەوتنێکە، بۆیە پێشەوا (شافیعیى) (خوا لێیخۆش بێت) دەڵێ: ئەگەر خوا تەنها ئەم سوورەتەى ناردبا بۆ بەرنامەى ژیانى ئادەمیزاد بەس دەبوو. ئیمامى (تەبەریى)ش لە (عوبەیدوڵڵاى کوڕى حەفس)ـەوە دەڵێ: هەرکە دووکەسى هاوەڵان بە یەکتر گەیشتبان، تا سوورەتى (عەسر)یان بۆ یەکتر نەخوێندبا، لێک جیا نەدەبوونەوە. پێشەوا (شافیعیى) دەڵێ: ئەگەر خەڵک بە وردیى لەم سوورەتە تێفکرابان بە درێژایى رۆژگار بەسیان دەبوو. مرۆ (بێ لەم چوار پەسنە) گش زیانبارە: ئەم سوورەتە لەبەر ئەوە کە لە مەککەدا دابەزیوە، زۆر پێ لەسەر ئیمان و پەسنەکانى ئیمان دادەگرێت، بۆیە خواى دلۆڤان دەفەرموێ: [ بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ* ١وَالْعَصْرِ ] سوێند بە کات و رۆژگار کە چەندە گرنگ و بە نرخە، هەر لەبەر ئەمەیشە خواى گەورە سوێندى پێ دەخوات، چونکە (کات) بۆ مرۆڤە زیرەک و وریاکان مایەى بەختیاریى و سەرفرازییان بووە، هەوڵیان تیا داوە بۆ ئازادیى و، سەربەستیى خۆیان، هیچ پشوویان تیا نەداوە.. بەڵام بۆ گەلانى تەمەڵ و نەزان بۆتە مایەى ژێر دەستەیى و بەدبەختیان، ئاى چۆن چەندان ساڵ دێت و دەڕوات، گەلانى ژێردەستە هەر دەناڵێنن؟ دەسا بۆ ڕاست نابنەوەو، لە «عەصر» سود وەرگرن، وەک پەیامبەر -صلى الله عليه وسلم- ڕاپەڕیى و، سوودى لێوەرگرت و دەرەنجام گەلەکەى خستە سەر فرازییەوە.
[ ٢ إِنَّ الْإِنسَانَ لَفِي خُسْرٍ ] کە بەڕاستیى هەرچى ئادەمیزاد هەیە بە تایبەت ئەوانەیان کە تەکلیفیان لەسەرە لە زیانێکى گەورەدایە .
[ ٣ إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا ] جگە ئەوانەى بڕوایان هێناوە [ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ ] و کارە چاکەکانیان کردووە، واتە: هەرچى خێرو چاکە بۆ دین و وڵاتیان هەوڵى بۆ دەدەن و دەیکەن [ وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ ] وە وەسیەتیان بۆ یەکتر کردووە بە هەق، کە هەمیشە پابەندى هەق بن و ماخۆلانى ڕاستى بن [ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ ] وە وەسیەتیان بۆ یەکتر کردووە بە صەبرو خۆڕاگریى لەسەر هەق و ئایینى خوا، واتە: مرۆڤى موسڵمان دەبێ هیچ کات ماندوو نەبێ و، نەپسێ بەرامبەر بە ئەرکەکانى سەرشانى.